اخر الاخبار
الرئيسية » دوايين هه وال » هەولێر.. وردەكاریی شەڕەكەی چەكداران و ئاسایش

هەولێر.. وردەكاریی شەڕەكەی چەكداران و ئاسایش

 

عمكاباد- عن رووداو 

لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆكانی شاری هەولێر، شەوی چوارشەممە شەڕێكی دژوار روویدا و چەند كەسێكی سەر بە داعش بە چەكەوە لەو گەڕەكە بوون. خەڵکی ناوچەکە بە منداڵ و گەورەوە باسی شەڕەکەی نێوان هێزەکانی ئاسایش و چەکدارانی داعش دەکەن.

یەکێک لەو چەکدارانەی دژی هێزەکانی ئاسایش شەڕی کردووە، لە کوچە و کۆڵانەکان و سەربانەکانەوە خۆی گەیاندووەتە ماڵی دڵشاد ئەیوب کە دانیشتووی حەسارۆکانە. دڵشاد لەسەربانی ماڵەکەی چەکدارەکەی بینیوە، بەڵام نەیوێراوە قسەبكات و چەکدارەکە هەڕەشەی لێکردووە گەر لێی بێتەدەنگ خۆیانی پێدا دەتەقێنێتەوە.

سەرئەنجام  ئومێد کە دەڵێن داعشێکی شەڕکەر بووە، برینداربووە و بە برینداری خۆی لەسەربانی ماڵەکە فڕێداوەتە خوارەوە، دواتر لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیركراوە،  برایەکی دیکەی ئومێد کە چەند مەترێک لەولاتر بووە، ئەویش بە برینداری گیراوە.

رووداو زانیویەتی کاتێك ئەو دوو چەکدارە براون بۆ نەخۆشخانە “بژی دەوڵەتی ئیسلامی، خەلافەتی ئیسلامی” و قسەی لەو شێوەیەیان بەدەنگی بڵند کردووە. بەڵام عەبدوڵڵا حەمەد كە باوكی چەكدارەكانە، نکۆڵی لەوە دەکات ئاگای لەوەبووبێ کوڕەکانی سەر بە داعش بن. عەبدوڵڵا دەڵێ پێنج کوڕی گیراون.

رۆژی 17ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی عەینکاوە، لە نزیک کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە. رووداو لەهەندێ سەرچاوەی تایبەتییەوە زانیویەتی، کە ئۆتۆمبێلەكە لەلایەن مێردمنداڵێکی تەمەن نزیكەی 15 ساڵان راگیراوە. دواتر لەگەڵ تەكسییەك سەركەوتووە و شوێنەكەی جێهێشتووە، پاشان بە كۆنترۆڵ ئۆتۆمبێلەكەی تەقاندووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، ئۆتۆمبێلەكە لە رێگەی چەمچەماڵ بۆ دووكان و دواتر لە دێگەڵەوە هاتووەتەوە نێو هەولێر، تەقینەوەكە كە دوو شەهید و 8 برینداری لێكەوتەوە، دەستگیركردنی چەند كەسێكی بە تۆمەتەتی داعشبوونیان بەدواداهات.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*